مامۆستایانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بایکۆتی خوێندنیان ڕاگەیاند
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
دوای ئەوەی شورای ھەماھەنگی یەکێتی مامۆستایانی ئێران داوای لە مامۆستایان کرد، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن بکەن، بەشێک لە مامۆستایانی شارەکانی بانە و سەقز و مەریوان و سنە و تاران و ئەسفەھان و تەبرێز و چەندین شاری تری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران نەچوونە ھۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتی دەوامیان کرد و خوێندن لە ڕێگەی ئۆنلاینیش ڕاگیرا.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، پێشنیازی پلەبەندی مامۆستایان لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا پەسەند نەکراوە، بە دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن و لە چەند مانگی ڕابردووشدا مامۆستایان چەند جارێک دژی جێبەجێ نەبوونی ئەو بڕیارە گردبوونەتەوە و بەو ھۆیەشەوە ژمارەیەک مامۆستا دەستبەسەر کراون.