دوای نزیکەی 50 رۆژ، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی چوار دەکرێت و لەماوەی چوار رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەش دەکرێت.
دوای تێپەڕینی نزیکەی 50 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی 3دا، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆران دەکرێت و رۆژی یەکشەممە 18ی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی موچە دێت.
وەک یەکەم شوێن ئەمڕۆ، خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستی تایبەت، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان موچە وەردەگرن.
بەپێی لیستی موچە، رۆژی هەینی و شەممە موچە دابەشناکرێت، تەنها سبەینێ پێنجشەممە لەگەڵ یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو موچە دابەشدەکرێت کە لیستەکە بەم جۆرەیە:
سبەینێ 15ی مانگ ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن:
"کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، خانەنشینی پێشمەرگە، دارایی و ئابوری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەریی، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار".
رۆژی یەکشەممە 18ی 5، ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن:
"کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم، پێشمەرگە 'دیوان، لیواکان'، یەکەی 70 و 80، ب. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ بەغدا بڕیاریدا بە خەرجکردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم و راستەوخۆ دوای بڕیارەکەش پارەی موچە خرایە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.