بەڕێوەبەرایەتی مین دانیشتووانی چۆمان و گەڵالە و سمیلان ئاگادار دەکاتەوە بەوەی سبەینێ دەنگی تەقینەوە دەبیستن، بەڵام پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات و ئەوە چالاکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە. داواش دەکات، هاووڵاتیان نەچن بۆ گیای بەهارە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ئاگاداری دانیشتووانی قەزای چۆمان و ناحیەکانی گەڵاڵە و سمیلان دەکاتەوە، سبەینێ دووشەممە، سەعات 10 بۆ 11ی پێش نیوەڕۆ، چالاکییەکی لەناوبردنی مینن بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چالاکییەکە لە بەرزاییەکانی چیای بەردەبوکدا دەبێت و بەڕێوەبەرایەتییەکە ژمارەیەک مین بەشێوەی بەکۆمەڵ لەناو دەبات، بۆیە دەنگی تەقینەوەی بەرز دەبیسترێت.
داواش لە هاووڵاتیانی ناوچەکە دەکەن، بۆ مەبەستی گەشتیاری یان گیای بەهارە و هەر مەبەستێکی دیکە، لەو ناوچەیە نزیک نەبنەوە و لــەکـــاتـــی بـیـسـتــنـی دەنـگی بەهــێــزی تەقەمەنیەکان توشی ترس و دڵەڕاوکێ نەبن.
چالاکییەکانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی بە کۆمەڵ ساڵانە بەپێی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی مینەوە بەڕێوەدەچێت و چەندین چەک و تۆپ و ناپاڵم و مینی سەردەمی رژێمی پێشووی عیراق لە شوێنە دوورەدەستەکان و دوور لە ناوچەی دانیشتووان دەتەقێننەوە لەناوی دەبەن.
هێشتا بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی هەرێم مینی چێنراو و پاشماوەی ئەو بۆمبانەی تێدا ماوە کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراق 'حزبی بەعسدا' دانراون، ئەگەرچی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان پاککراوەتەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی 30٪ی خاکی پیسبوو بە مین لە هەرێم ماوە.