ئێران ئامادەیی نیشانداوە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمیەکە و رایگەیاندووە، تاران نایەوێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی بەڵام بەردوامی بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات.
عەباس عراقچی وەزیری درەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردوەتەوە، ترەمپ لە دوای دەست بەکاربوونیەوە جەختی لەوە کردوەتەوە کە تاران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ رێبازی ئێران و هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
وەزیری درەوەی ئێران راشیگەیاندووە، ئامادەین بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێکی ئاشتیانە، کە بەردەوامی بدات بەپیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، جەختیشیکردەوە کە نایانەوێت ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان عەباس عراقجی ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە داهاتوو دانوستانەکان لە عوممان دەستپێبکاتەوە.
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەند رۆژێکە لێدوانی دژ بەیەک لە نێوان لێپرسراوانی ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە و یەکتری تۆمەتباردەکەن بە دورکەوتنەوە لە دانوستانەکان، هاوکات دۆناڵد ترەمیش رایگەیاندبوو، کردەوەکانی ئەم دواییەی ئێران جێگەی نائومێدییە.