میری ریگیڤ، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە کە پێشنیازی کردووە تەرمی یەحیا سینوار، سەرکردەی حەماس بسوتێندرێت، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە رەفەح کوژرا.
ریگیڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆیەکی توندڕەوی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، کە ئەو پێشنیازەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی ئیسرائیلدا خستووەتەڕوو.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە بەراوردکاریی لەنێوان سینوار و ئوسامە بن لادن، سەرکردەی رێکخراوی قاعیدەدا کرد و وتی: "پێموابوو دەبێت ئێمە هەمان ئەو کارە بکەین کە ئەمریکییەکان لەگەڵ بن لادن کردیان. من ئەم پێشنیازەم لە ئەنجومەنی وەزیراندا کرد. هەندێک سیمبول هەن کە نابێت بگەڕێندرێنەوە."
ناوبراو وتیشی: "نەمدەویست لە هیچ قۆناغێکدا ببینم سینوار بە خاک دەسپێردرێت."
بەپێی رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، پێدەچێت پێشنیازەکەی ریگیڤ "لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت"، بەڵام خودی وەزیرەکە رایگەیاندووە کە بیرۆکەکەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، حەماس داوای وەرگرتنەوەی تەرمی یەحیا سینوار و محەمەدی برای دەکات. پێشتریش بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە "سی ئێن ئێن"ی راگەیاندبوو کە "تەرمی براکانی سینوار بەشێک نابن لە رێککەوتنی ئێستا" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.