ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە شاری رۆما لە ئیتاڵیا کۆدەبنەوە.
وتیكۆف پێش كۆبوونەوەكە رایگەیاند، هیچ رێككەوتنێك ناكرێت تا ئەوكاتەی تاران پیتاندنی یۆرانیۆم و سیستمی پەرەپێدانی چەك بە تەواوی رانەگرێت.
عراقچیش رایگەیاندووە، ئێران سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكە و دابەزاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات و نایەوێت چەكی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت، بەڵام داوای هەڵگرتنی سزاكان دەكەن و گفتوگۆ لەسەر دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرنامەی ئەتۆمی ناكەن.
خولی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو کە خودی عوممان نێوەندگیر بوو.
بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان، رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشدار دەبێت.
لێدوان و راگەیەنراوەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لەدوای خولی یەکەمی دانوستانەکان ئەرێنی بوون. کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەر بوون. لەلایەکی دیکەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوە گفتوگۆکانی بە بونیادنەر ناو هێنا.