عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، حکومەت رێکاری توند دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی نەوت و جەختیشی لە زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد و بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و سنوورەکان لەلایەن بەغدادوە کردەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشوازی لە باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە عیراق کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و وەبەرهێنانەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و عیراقیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت کار دەکات بۆ بنیاتنانی ناسنامەیەکی نوێی ئابوری لەسەر بنەمای سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک نییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستور و یاسا، هاوکات رێکاری توند دەگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی نەوت لە سەرتاسەری عیراقدا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی رایگەیاند، کورد بەشێکی رەسەنی گەلی عیراقە و حکومەتی فیدراڵی بە هەمان ئاستی پارێزگاکانی دیکە، پەرۆشە بۆ زامنکردنی مافەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیشیکردەوە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جەختیان لە بەرپرسیارییەتی حکومەتی فیدراڵی کردووەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی سنورە نێودەوڵەتییەکانی عیراق لە رێگەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای عیراقەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە بەپێی دەستور.