یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە و ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا کە لە عیراقدا گیراونەتەبەر، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن."

دەقی راگەیەنراوەکە:

ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە بڵاوکرایەوە و ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا کە لە عیراقدا گیراونەتەبەر، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.

هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عیراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە و بەدرێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.

ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور حەکەم بێت لەنێوانیان.

جگە لە دەستوور هەر رێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە.

بۆ هەموو لایەک دەبێت روون بێت کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.

ئێمە پشتگیریی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتن، لەهەمانکاتدا بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیریی عیراق ناکات.

24ـی 11ـی 2026

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان