سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکور، کۆمەڵێک بڕیاری کارگێڕی و سەربازی دەرکرد، کە دوورخستنەوەی چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتی و وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیران جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی سامانی عیراق جەنگێکی چارەنووسسازە و سنورێک بۆ هەموو جۆرە قاچاخچێتییەک دادەنرێت.
گرنگترین بڕیارە کارگێڕی و ئەمنییەکان:
بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و جێگرەکەی، و بەڕێوەبەری پشکنینی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکوک.
دوورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکور و جێگرەکانی، و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و پیشەسازییە کانزاییەکان تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی، لەگەڵ سزادانی بەڕێوەبەرانی ئاسایش و هەواڵگریی نیشتمانی لە کەرکوک.
سەرۆک وەزیران دۆسیەکانی رەوانەی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور، هەروەها وردبینیکردن لە بڕی ئەو نەوتە خاوەی وەزارەتی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی (بازیان و کار) دابینی دەکات و بەراوردکردنی لەگەڵ بڕە وەرگیراوەکان، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە پاسەوانە مەدەنییە وەهمییەکانی بۆرییە نەوتییەکان و ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە کراون.
بڕیارە تایبەتەکان بە هەرێمی کوردستان و سنورەکان:
وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراقەوە، و داخستنی سەرجەم دەروازە نارەسمییەکان و رێگا خۆڵەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا) لەلایەن هێزەکانی سنوور و وەزارەتی بەرگرییەوە.
پابەندکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەی رەزامەندیی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی تەنها لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت. هاوکات وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانە وەردەگرنەوە کە دەکەونە سنوری پارێزگاکانی (دیالە، کەرکوک، سەڵاحەددین و نەینەوا) و لە رووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمدان.
دروستکردنی گۆڕەپان و تاقیگەی تایبەت لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی، هەولێر و دهۆک) بۆ پشکنینی ئەو سووتەمەنییانەی بەرەو پارێزگاکانی هەرێم دەچن، لەگەڵ گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵی لە ماوەی شەش مانگدا.