عەبدوڵا ئۆجەلان: پرسی کورد پرسێکی دیموکراسییە و ئامانجمان بنیادنانی کۆمارێکی دیموکراسییە لە تورکیا
ساکۆ سمکۆ
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی نوێی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی بڵاوکردەوە و تێیدا ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسی کورد پرسێکی دیموکراسییە و لە ئاستی وەرچەرخانێکی مێژووییدان بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسیی لە تورکیا.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەفدی ئیمراڵیی دەمپارتی کە ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 11ـی 2026 بڵاوکرایەوە، هاتووە: دوێنێ یەکشەممە، 22ـی 11ـی 2026 لە دورگەی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە و هەڵسەنگاندنەکانی ناوبراویان خستووەتەڕوو.
لە وتەکانیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە کە لە ئاست و قۆناغێکدان کە هەنگاونانی کردەیی بەهێزە و دەبێتە وەرچەرخانێک لە مێژووی کۆماری توریادا، بۆ تێپەڕاندنیشی پێویست بە چڕبوونەوە، کارکردنی فرەلایەن و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش داوە، کە نابێت سیاسەت لە تورکیا لە هاوکێشەی گوشار، دنەدان و کاردانەوەدا قەتیس بێت و وتوشیەتی: "کاتێک ئەم هاوکێشەیە گۆڕەپانی سیاسی لە تورکیا دادەخات، ئەگەرێکی جددی هەیە زەمینە بۆ جوڵە نادیموکراسییەکان دروست ببێت، کە ئامانجی سەرەکییان هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی و لە سەرووی هەمووشیانەوە کوردە و دەیانەوێت گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وێران بکەن."
باسی لەوەش کردووە، کە هەمیشە هەوڵ بۆ پیلانی تێکدەرانە دژی پڕۆسەکە دەبێت و کاریگەرترین رێکاریش بەرامبەریان، بەهێزکردنی پڕۆسەکەیە لەڕێگەی یاسای دیموکراتیک و سیاسەتی ئازادەوە.
سەبارەت بە پرسی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "پرسی کورد وەک پرسێکی دیموکراسی هەڵدەسەنگێنم و ئەنجامدانی هەوڵێکی مێژوویی بەرەو چارەسەرکردنی، لە بەرژەوەندیی هەموو گرووپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناو تورکیادایە، بەڵام دژی عەقڵییەتی رەگەزپەرستی و کودەتاچییەکانە."
جەختیشی کردووەتەوە، سیاسەتی دیموکراتیک بە رووداوی رۆژانە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی جێگیری پرەنسیپەکان هەیە و دەبێت سیاسەت توانای بەرهەمهێنانی دیموکراسییەت پیشان بدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆجەلان رایگەیاندووە، دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی خواستی تەواوی گەلی تورکیان و کوردیش لەگەڵ ئاشتی، برایەتی و خاوەندارێتیکردنی کۆماردایە تا کۆتایی، بەڵام بە مەرجێک بەشداربوونی کورد لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیکی مسۆگەرکراودا بێت و هەموو ناسنامەکان بناسێنێت.
وتووشیەتی: "ئەو کۆماریخوازە تەسکبینانەی کە بەمە نیگەرانن، لە لۆژیکی «با بچووک بێت و هی خۆم بێت»دان، بەڵام کۆماری دیموکراتیک تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە مۆدێلێکی نوێی ژیانکردن."
ئۆجەلان تیشکی خستووەتە سەر رەوشێ زیندانەکانیش و رایگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو ئامانجە گەورانەدا، بوونی گیانلەدەستدان لە زیندانەکان، سووتاندنی سزاکان و جێبەجێکردنی شێوازی جیاواز لە زیندانە جیاوازەکاندا هیچ پاساو و قبووڵکردنێکیان نییە و دنەدانێکن دژی پڕۆسەکە.



