بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسکردنی ژینگە هاووڵاتییەک لە سنووری شارەزوور دەستگیر کرا
دیلان
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە و رشتنی رۆنی رەش لەسەر رێگای زەڕایەن – دەربەندیخان راگەیاند، هاوکات دەستیش بەسەر بارهەڵگرێکدا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگە و رێگریکردن لە پیسبوون و دروستکردنی مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی گشتی، توانراوە لەسەر رێگای دووسایدی زەڕایەن - دەربەندیخان تۆمەتبارێک دەستگیربکەن، کە رۆنی رەش (نەفتا)ـی لەو سنوورەدا رشتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو هەڵمەتەدا توانیویانە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا بگرن.
لەبارەی رێکارە یاساییەکانیشەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردووەتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە کراوەتەوە و بەپێی یاسا رێکاریی پێویست بەرانبەر تۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.


