لیژنەی دابەشکردنی غازی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەدواداچوونی ورد بۆ بڕی غازی عەمبارکراو و شێوازی دابەشکردنی دەکات و دڵنیایی دەدات کە غازی پێویست بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، عومەر عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز لە لیژنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی بڕی پێویستی غاز بۆ ماڵان، چێشتخانە و نانەواخانەکانی شاری سلێمانی بە نرخی پاڵپشتیکراو، بە بەردەوامی چاودێریی کارگەکانی غاز دەکەن تاوەکو هیچ شوێنێک رووبەڕووی گرفتی کەمیی غاز نەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمشەو سەردانی کۆگا و کارگەکانی غازیان کردووە و بە وردی بەدواداچوونیان بۆ بڕی غازی بەردەست و چۆنیەتی دابەشکردنی بەسەر گەڕەکەکانی سلێمانیدا کردووە.

سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی غاز جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیاندا بۆ زیاتر بەردەستبوونی غاز بۆ هاووڵاتیان، هەر ئەمشەو بڕی پێویستی غاز گەیەندراوەتە 12 بەنزینخانەی سنووری شاری سلێمانی.