وتەبێژی یەکێتیی زانایانی کوردستان: یاریی GTA 6 و مامەڵەکردن پێیەوە حەرامە
ساکۆ سمکۆ
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
د. عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی یاریی ئەلیکترۆنیی GTA 6 دەدات و رایدەگەیەنێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئەو یارییە و مامەڵەکردن پێیەوە حەرامە، هاوکات داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێگری لە یاریپێکردنی بکەن.
لە پەیامێکدا سەبارەت بە یاریی GTA 6، د. عەبدوڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێتی زانایان بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسیی ئەو دیاردانە هۆشیار کردووەتەوە کە زیان بە گەنج و لاوان، خێزان و کۆمەڵگە دەگەیەنن، جا چ مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بن یان گەمە و یارییە ئەلیکترۆنییە نادروستەکان و هاندانی گەنجان بۆ توندڕەوی و کاری خراپ و ناشایستە.
وتەبێژی یەکێتی زانایان باسی لەوەش کردووە، ئێستا یاریی GTA 6 بڵاوبووەتەوە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی باس دەکرێن، هاندان بۆ توندوتیژی، سەرەڕۆیی، ماددەی هۆشبەر، بەدڕەوشتی و چەندین شتی خراپی دیکەی تێدایە و زیان بە ماڵ و خێزان و سامان و گەنجان دەگەیەنێت.
هەر لەو بارەیەوە جەختی کردووەتەوە کە بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئەو یارییە حەرامە و دروست نییە، هەربۆیە مامەڵەکردن بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە فەرموودەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) کە دەفەرموێت: (لا ضرر ولا ضرار) واتە دروست نییە زیان لە خۆت و دەوروبەر بدەیت.
شێرکاوەیی لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە زووترین کات رێگە لەو جۆرە ماڵپەڕ، ئەپلیکەیشن، یاری و ئەتارییانە بگرن کە گەنجان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەبەن و چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن، داواشی لە دایک و باوکان و خێزانەکان کردووە ڕێگە نەدەن رۆڵەکانیان ئەو جۆرە یارییە نەشیاوانە بەکاربهێنن.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان لە چەندین فەتوای تایبەت و پەیوەست بە شتە نامۆ و قەدەغەکراوەکان فەتوای دەرکردووە و پێویستە هەموو لایەک خۆی لەو شتانە بەدوور بگرێت کە زیان بە کیان و کۆمەڵگە و خێزان دەگەیەنن.


