قائیمقامیەتی سلێمانی: لەکاتی دیاریکردنی نرخی کارەبای موەلیدە رەچاوی رەوشی هاووڵاتیان دەکەین
ساکۆ سمکۆ
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی دیاریکردنی نرخی کارەبای موەلیدە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەوەی لە میدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە بێ بنەمایە و هێشتا نرخمان دیارینەکردووە.
لە راگەیەنراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا ئەوەش هاتووە: هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە کە تائێستا نرخی موەلیدە بەشێوەی رەسمی دیارینەکراوە و ئەو هەواڵانەی کە لە چەند میدیا و پەیجێکەوە بڵاوکراونەتەوە بەتەواوی ناڕاست و بێ بەها و بێ بنەمان، ئەو نرخانەش کە باسکراوە ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە بۆ دیاریکردنی نرخی موەلیدە کۆبوونەوەی رەسمی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت و رەوشی دارایی هاووڵاتیان رەچاودەکرێت.
جەختیشی کردووەتەوە: لەکاتی دیاریکردنی نرخی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بەڕەسمی لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.


