وتەبێژی حكومەتی عیراق ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی راگەیاند و دەشڵێت، داهاتی نانەوتیی بۆ 19% بەرزكراوەتەوە.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان رەشنووسی بودجەی 2027یان تەواوكردووە و داهات و خەرجی و كورتهێنانیشی لەخۆگرتووە و رێگای گەشەپێدان و سندوقی نەوەكانیشی تێدایە بۆ پاراستنی ئابوریی عیراق لە دابەزینی كتوپڕی نرخی نەوت.

دەشڵێت، لە رەشنووسی بودجەدا بۆ یەكەمجار داهاتی نانەوتیی بەرزكراوەتەوە بۆ 19% كە پێشتر 11% تێپەڕی نەدەكرد و ئەوەش بەهۆی چەند رێكارێكەوەیە لەوانە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی سیستمی ئەلیكترۆنی و چاودێریی سنورەكان.

وتەبێژی حكومەتی عیراق وتیشی، دواكەوتنی پرۆژەیاساكە بەهۆی پشكی هەرێمی كوردستانەوە بووە و دانوستانیش بەردەوامە لەسەر رادەستكردنی داهاتی نەوتیی و نانەوتیی و داواشیان كردووە هەرێمی كوردستان رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكات، هەرێمی كوردستان دەڵێت لەو بڕە كەمتر بەرهەم دەهێنرێت.

راشیگەیاند، حكومەتی عیراق ئامار و راپۆرتی ئاستی بەرهەمێنانی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەری ئەو بابەتە.