سزای حەوت ساڵ زیندانیكردن بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبای عیراق دەركرا
سەعید
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بەتۆمەتی بەهەدەردانی ملیاران دینار، دەستەی دەستپاكی و دەسەڵاتی دادوەریی عیراق سزای چەندین ساڵ زیندانیكردنیان بەسەر چەند لێپرسراوێكدا سەپاند و پابەندیان كردن بە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بە ناڕەوا دەستیان كەوتووە.
دەستەی دەستپاكیی عیراق رایگەیاند، دادگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی گەندەڵیی ناوەندیی، بە تۆمەتی دەستكەوتنی 36 ملیار و 810 ملیۆن دیناری عیراقی بەشێوازێكی ناڕەوا، سزای حەوت ساڵ زیندانیكردنی بۆ خالد مەعازیدی بریكاری وەزارەتی كارەبا بۆ كاروباری گواستنەوە و دابەشكردن دەركردووە كە سێ ساڵیان زیندانیكردنی توندە، هەروەها پابەند كراوە بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو بڕە.
لە راگەیەنراوێكی تریشدا، دەستەی دەستپاكیی ئاشكرایكرد، بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەكە، لە ماوەی ساڵانی 2024 بۆ 2026دا، 152 دۆسێی تاوانكاری و 76 سكاڵایان لەبارەی قاچاغچێتیكردن بە نەوتەوە تۆماركردووە.
لەلایەكی تریشەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق رایگەیاند، دادگای تاوانەكانی رەسافە سزای 15 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر تاوانبارێكی قاچاغچێتیكردن بە بەرهەمە نەوتییەكان سەپاند كە یەكێك لە بۆرییەكانی گواستنەوەكانی بەرهەمە نەوتییەكانی لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغداد كونكردبوو.
ئەنجومەنەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسێكانی دەستپاكی لە پارێزگای میسان، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەشت فەرمانبەری كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی لە پارێزگاكە بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی دەركردووە.

