عەلی زەیدی داوا ئامادەکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر قەیرانێکی سروشتی و مرۆیی دەکات
لاوان
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دەركرد بۆ دابینكردنی بڕی پێویست لە خۆراك و دەرمان و سوتەمەنی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەر قەیرانێكی سروشتی و مرۆیی.
بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستەی باڵای ئیدارەی فریاكەوتن و قەیران و كارەساتەكانی عیراق كۆبووەوە و تێیدا، پلانی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و كارەساتەكان كە لەلایەن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك وەزیران ئامادەكرابوو خرایە بەرباس.
بەپێی راگەیەندراوەكەی، لە كۆبوونەوەكەدا عەلی زەیدی جەختیكردەوە لە گرنگی دابینكردنی بڕی پێویست لە خۆراك، دەرمان و سوتەمەنی پێویست بۆ هەر قەیرانێكی سروشتی و مرۆیی، جەختیشیكردەوە، لە گرەنتیكردنی پاراستنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان و وەزارەتی دارایی راسپارد شایستەی دارایی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دابین بكات.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەشدا، گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگی و پتەوكردنی هاوبەشەییە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان.

