کۆمپانیای دانەغاز: لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕە غازێک بەرهەمبهێنین
بڵند
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، وێستگەکانی کێڵگەی کۆرمۆر زیانی زۆریان بەرکەوتوە و لە ئێستادا ناتوانن هیچ بڕە غازێک بەرهەمبهێنن.
ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێكدا، کۆمپانیای دانەغاز ئاماژەی بەوەکردوە، وەک پێشتر لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەستیان بە بەرهەمهێنانی غاز نەکردوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەیەک لە میدیا ناوخۆییەکان بەبێ بوونی زانیاریی دروست، لێدوانی ناتەواو و ناڕاست سەبارەت بە رەوشی وێستگەی غازی کۆرمۆر بڵاودەکەنەوە.
دانەغاز داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات کە خۆیان لە روماڵکردنی نابەرپرسانە و پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن.
شەوی 8ـی11ـی2026 کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کرایە ئامانج؛ هێرشەکە زیانی گەورەی ماددی بە بەشی بەرهەمهێنانی غازی ماڵان گەیاندووە و بوەتە هۆی کەمبونەوەی کارەبای نیشتمانی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان.


