سەرۆک کۆماری عیراق: سلێمانی بە درێژایی مێژوو هێمای خەبات و تێکۆشان بووە
ئوسامە ئەبوبەکر
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق
لە 242ـەمین ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانیدا، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "شاری سلێمانی بە درێژایی مێژووی خۆی بووەتە هێمای خەبات و تێکۆشان و لانکەی ئازادیخوازان".
دەقی پەیامەکە
بە بۆنەی ٢٤٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری خۆشەویستی سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی و دروود ئاراستەی ڕۆڵەکانی ئەم شارە ئازیزە و گەلی خۆشەویستمان دەکەین.
شاری ئازیزی سلێمانی لە سەردەمی میرنشینی بابان و لە سەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان، لە ساڵی ١٧٨٤ دامەزرا. ئەم شارە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکوو ئەمڕۆ، لە کاروانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی شارە گەورە و گرنگەکانی عێراق و ناوچەکەدا پێشەنگ بووە و بووەتە نموونەیەکی دیاری جوانی و شارستانیەتیی کوردستان و عێراق.
شاری سلێمانی بە درێژایی مێژووی خۆی بووەتە هێمای خەبات و تێکۆشان و لانکەی ئازادیخوازان، کەسایەتییە سیاسییەکان، خەباتکاران، ڕۆشنبیران، نووسەران، شاعیران و دڵسۆزانی نیشتمان؛ ئەوانەی بە درێژایی ژیانیان خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە و لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانى گەلی کورد و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی لەگەڵ گەلی عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تردا تێکۆشاون.
هیوادارین شاری سلێمانی و سەرجەم شارەکانی عێراق بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەسەندندا بن، بە جۆرێک کە خزمەت بە هاوڵاتیان بکەن و داخوازییە ڕەواکانى ئەوان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستە و بەختەوەر جێبەجێ بکەن.
هەمیشە شاری سلێمانی و سەرجەم شارەکانی نیشتمانمان لە ئاسایش، ئارامی و خۆشبژیوی بەردەوامدا بن.
نزار ئامێدی
سەرۆک کۆمار
٢٠٢٦/١١/١٤


