فایەق زێدان: دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە و هیچ هێڵێکی سوور لەبەردەم دادگادا نییە
بڵند
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
فایەق زێدان رایگەیاند، حکومەتەکەی عەلی زەیدی ئیرادەیەکی راستەقینەی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵێ هەیە و دەستگیرکردنی ئەو ژمارە لێپرسرا و باڵادەستە بەڵگەیە بۆ ئەو راستییە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، لە کۆڕبەندێکدا لە پەیمانگەی "چاتام هاوس" لە لەندەن رایگەیاند، حکومەتی ئێستای عیراق ئیرادەیەکی راستەقینەی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەیە و بۆ یەکەمجارە ئەم ژمارە زۆرەی تۆمەتباران، لەوانەش وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵا، روبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
زێدان جەختیکردوەتەوە، هیچ وەستان یان خاوبونەوەیەک لە راوەدونانی گەندەڵکاراندا نییە و دادگا هیچ هێڵێکی سوور نییە بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، دادگا جیاوازی لە نێوان بەرپرسی کۆن، نوێ، گەورە یان بچووک ناکات، بەڵکو بڕیارەکانی تەنها لەسەر بنەمای بەڵگەی یاساییە نەک تۆمەتی بێ بەڵگە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش بەندە بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری.
فایەق زێدان ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە روبەڕوبونەوەی گەندڵیدا ئەو ئەنجامانەی لە عیراق و لە رێگەی یاسا و پرۆسەی دادوەرییەوە بەدەست هاتوون، رەنگە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بە هەمان رێکاری یاسایی بەدەست نەهاتبێت.


