محەمەد باقر قالیباف رایگەیاند، ئێران لە دانوستان یان جەنگدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل ناکات و ئەگەر هەرلایەکیان جەنگ هەڵبگیرسێنێت، وەڵامی هەردوکیان دەدەنەوە.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، بۆ ئەوان جیاوازی نییە لە نێوان دانوستان و جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا.

 قالیباف هۆشداریداوە، کە بەردەوامبوونی جەنگ زیان بە ئاسایش و ئابوریی وڵاتانی ناوچەکە دەگەیەنێت و ئەوان  داواکارییەکانی خۆیان بۆ رێککەوتن ئاڕاستەی ئەمریکا کردووە، بەڵام واشنتن تا ئێستا وەڵامێکیرەسمی و رونی نەداوەتەوە.

ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، بۆ کردنەوەی گەروی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، پێویستە ئەمریکا حەوت مەرجەکەی ئێران جێبەجێ بکات و  گەروەکەش  ناگەڕێتەوە بۆ رەوشی پێش جەنگ.

محەمەد باقر قاڵیباف باسی لەوەشکردوە، کە تیمی دانوستانکار نەگۆڕاوە و هێشتا ئەو لێپرسراوی وەفدی دانوستانکارە و لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە رێڕەوی کەشتیوانی و سیستمی جیاکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەروی هورمزدا.