یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پێمانوایە ئەم کۆبوونەوەیە، نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێک.

دەقی راگەیەنراوەکە: 

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادارن، کە سبەینێ 4ـی 11ـی 2026 دەنگۆی بە نایاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

ئێمە لە باوەڕی قوڵمان بە بنەماکانی سەروەری یاسا و سازانی نیشتیمانی، پێمانوایە ئەم کۆبوونەوەیە، نا یاساییە، دوورە لە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی فەرزی ئیرادەی لایەنێک.

بۆیە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئێمە وێڕای بەشداریی نەکردنمان، ڕوو دەکەینە هەر دڵسۆز و هێزێکی نیشتیمانی، کە خەمی قەوارەی هەرێمی کوردستانییەتی، بەشداریی نەکات. 

بە دڵنیاییەوە کاتێک دانیشتنی پەرلەمان سەنگی دەبێت، کە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەموو لایەنە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی ئازاد و دیموکراسییانە بەشداریی تێدابکەن، چونکە ئەگەر بنەمای دیموکراسی ئەوەبێت، کە بەکڕین و هەڕەشە و فشاری دەروونی کاریگەری بخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، ئەوە لەوچوارچێوە کارتۆنییەدا، دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێک نانێین، کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بێت.