ئاسایشی هەولێر: ئەو قاچاخچییەی بووە هۆکاری خنکانی سێ منداڵی خێزانێکی سلێمانی دەستگیرکرا
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییەی راگەیاند، کە بووە هۆکاری خنکانی سێ منداڵی خێزانێکی شاری سلێمانی لە روبارێکی تورکیادا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، ئەو قاچاخچییەی کە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی سێ منداڵی خێزانێکی شاری سلێمانی لە روبارێکی تورکیادا، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەیەک بەر لە ئێستا خێزانێکی شاری سلێمانی بە مەبەستی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات لەلایەن قاچاخچییەکەوە لە تورکیا بە بەلەمی چوپ لە روبارێکدا گواستراونەتەوە، بەڵام بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە و لە ئەنجامدا سێ منداڵ بە ناوەکانی 'هەستیار، هەریاد و میلا' گیانیان لەدەست داوە.
ئاسایشی هەولێر ئەوەشیخستەروو، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، ناسنامەی قاچاخچییەکە بە ناوی 'ر. أ. م' ئاشکرا کراوە و پاش گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراوە.



