کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، نزمە پاڵەپەستۆیەک روو لەناوچەکە دەکات و  نمەباران و بارانبارانی مامناوەند چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچە جیاجیاکان نیمچە هەور دەبێت هەندێ کات بۆ ساماڵ و پەلە هەور دەگۆڕێت، هاوکات ئەگەری نمە باران لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەیە لە هەندێک کاتدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاواز، لە دوای نیوەڕۆوە پێشبینی نمەباران هەیە لەسەر ناوچە جیاجیاکانی ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە سلێمانی و باشوری پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان بە گشتی.

کەشناسیی هەرێم راشیگەیاند، ئەگەری زیادبوونی کاریگەری ئەو نزمە پاڵە پەستۆیە هەیە و لە دوای نیوەڕۆوە لە کاتی زیادبوونی شێوازی بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و هەورەبروسکە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 24 پلەی سیلیزی

پیرمام: 22 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 23 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:24 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 27 پلەی سیلیزی

دهۆک: 23 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 24 پلەی سیلیزی

ئاکرێ:25 پلەی سیلیزی

گەرمیان:28 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:14 پلەی سیلیزی