ئەمڕۆ، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (298) لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی ئەساسی نیشتمانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی چەندین پرس و دۆسیەی گرنگی نیشتمانی کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بژێویی ژیان و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیانی عیراقەوە هەیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەکەدا میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی کراوە و تێیدا پێداچوونەوە و گفتوگۆ لەسەر کاروباری دارایی و ئابوریی وڵات و پلانی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کراوە.

وەک لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستووەتە سەر دۆسیە ئابوری و داراییە لەپێشینەکان، هەروەها جەختیان لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی نەختینەیی و گەشەپێدان کردەوە کە پشتیوانی لە سەقامگیریی ئابوری بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری بکات لە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی تاکی عیراقی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە پێشهاتەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پرسەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهان کرا، هاوکات گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی عیراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی لە نێو ئەو ئاڵەنگارییانەی دەوروبەریدا دووپات کرایەوە.