بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی بە نهێنی پلانیان هەیە بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە کیێڤ بۆ شاری لڤۆڤ یانرڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا. 

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم هەنگاوە نهێنییە لە ترسی چڕبوونەوەی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیایە بۆ سەر ژێرخان و ناوەندەکانی بڕیاردان لە پایتەخت، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کیێڤ وەک هێڵی بەرکەوتن لەلایەن ئۆکراین.

گاردیان لە زاری دیپلۆماتکارانەوە بڵاویکردوەتەوە، هەوڵدراوە وردەکاری پلانەکە بە نهێنی بهێڵدرێتەوە، تا ورەی ئۆکراینەکان نەڕوخێت.

ئەم پەرەسەردنانە لە کاتێکدایە گرژییەکان گەیشتوونەتە لووتکە؛ ڤلادیمیر پوتین لە کۆڕبەندێکدا رایگەیاند روسیا نیازی هێرشکردنە سەر ئەوروپای نییە، بەڵام هۆشداری دا کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی یان هەرێمی داڕبڕاوی کالینینگراد بە هەموو جۆرە چەکێک، لەوانەش چەکی ئەتۆمی  وەڵام دەدەنەوە.