زیلینسکی هەوڵی سازدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ مۆسکۆ و واشنتۆن دەدات لەم مانگەدا
محەمەد رزگار
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت، هیواخوازە لەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان دانوستانکارانی روسیا، ئۆکراین و ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای سەردانی نوێنەرانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و کیێڤ.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، هەردوو نوێنەری ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، چەندین پێشنیازی باشیان پێشکەش کردووە بۆ تاوتوێکردنی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی وەک تورکیا و سویسرا یاخود وڵاتانی تر دەتوانن میوانداری ئەم کۆبوونەوە سێقۆڵییە بکەن، کە تێیدا بابەتەکانی پێوەندیدار بە هەناردەی دانەوێڵە، بەرهەمهێنانی وزە و نەوت و غاز دەستنیشان دەکرێن.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، زیلینسکی ئاشکرایکرد، روسیا بە نێردراوەکانی دۆناڵد ترەمپی راگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، ئەمەش رەنگە رێگە خۆش بکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و راگرتنی هێرشە سەربازییەکان.
سەرۆکی ئۆکراین جەختیشی کردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا "پێویستی بە ترەمپ هەیە" و نایەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمدا تووڕەی بکات، بەوەش کۆشکی کرملن ئامادەیی بۆ دیالۆگ نیشانداوە.
لای خۆیەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، وڵەتەکەی بەدووری نازانێت کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەستپێبکات، بەڵام جەختی کردەوە هێشتا زووە باس لە شوێن و کاتی دیاریکراو بكرێت.
هاوکات، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ مۆسکۆ و کیێڤ بووەتە هۆی بەدەستهێنانی "پێشکەوتنی جەوهەری" و رەخساندنی رەوشەکە بۆ دیاریکردنی وادەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ بە جددی کار بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام دەکات.


