بەریتانیا ئاسمان و بەندەرەکانی بەڕووی ئێراندا دادەخات
سەوسەن سەید
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەریتانیا یاسایەکی نوێی پەسەندکرد بۆ توندترکردنی رێکار و سزاکانی سەر ئێران، کە سزا ئاسمانی، دەریایی و ئابوورییەکان لە خۆدەگرێت.
حکومەتی بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، یاسایەکی نوێی بۆ توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران راگەیاند، کە فراوانکردنی بەربەستە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی بەریتانیا لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لەخۆدەگرێت.
حکومەتی بەریتانیا روونی کردەوە کە یاساکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەرفراوانەکاندایە بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و رووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی تری تاران، کە بە "دوژمنکارانە" وەسفی کردوون.
بەپێی یاسا نوێکە، بەربەستەکانی بەردەم دەستگەیشتنی ئێران بە سیستەمی دارایی بەریتانیا توندتر دەکرێن، هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی بازرگانی فراوانتر دەکرێت تاوەکو ژمارەیەکی زیاتری کەلوپەل، تەکنۆلۆژیا و خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە.
هاوکات یاساکە دەسەڵاتی زیاتر دەداتە بەریتانیا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کەشتییەکاندا و قەدەغەکردنی نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان لە وڵاتەکەدا، جگە لەو حاڵەتانەی کە بەپێی بەخشینە تایبەتەکان دیاری دەکرێن.


