گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا فشاری زیاتری خستوەتە سەر ئێران و لێپرسراوانی ئەو وڵاتەش دەڵێن؛ تا پێنج مانگ توانای بەرگەگرتنی گەمارۆکانیان هەیە.

رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆرناڵ  راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛  داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئامانجی نەپێکاوە و زیانی گەورەی بە خۆی گەیاندوە، چونکە گەمارۆی توندی دەریایی ئەمریکا لە مانگی حەوتی رابردووەوە رێگری لە تاران کردووە نەوتەکەی هەناردە بکات.

بەپێی راپۆرتەکە، روبەڕوبونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران بووەتە ململانێیەکی درێژخایەن و داخستنی گەروی هورمز نەبووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ بە مەرجەکانی ئێران رازی بێت و ئەمەش کێشەی قوڵی ئابوری بۆ تاران دروست کردوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە بەردەوامیی جەنگەکە لە قازانجی هیچ لایەکیاندا نییە و ئاڵوگۆڕی لێدانە سەربازییەکانیش تا ئێستا بە سنورداری ماونەتەوە، لە روی ناوخۆیی و ئابورییەوە، سەرکردەکانی ئێران پێشبینی دەکەن نزیکەی پێنج مانگی تر بەرگە بگرن.

بەو پێیەی ئازاری ئابوریی خەڵک کاریگەرییان لەسەر دانانێت و دەسەڵاتی راستەقینەش کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران، بەتایبەت لە سایەی نادیاری و نەبونی رابەری باڵادا.

فەرماندەکانی پاسداران بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەربازی هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا ئابوریی وڵاتەکە بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت، بەڵام لێپرسراوان توانیویانە ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ کۆنتڕۆڵ بکەن.