پوتن: دەرفەتێک بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراین لە ئارادایە
محەمەد رزگار
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی روسیا دەڵێت، دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەگەڵ ئۆکراین لە ئارادایە، هاوکات ئامادەیی مۆسکۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر لایەنێک نیشاندا کە بەشداربێت لە بەدیهێنانی ئاشتیدا.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابوری لە رۆژهەڵاتی ئەقسای روسیا رایگەیاند، ژمارەیەک وڵات لە نێویاندا ئەمریکا و چین ئامادەن پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانەی جەنگی ئۆکراین بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت هەردوو دەوڵەتی بەشدار لە ململانێکە بگەنە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوانیان.
سەرۆکی روسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئۆکراین بەردەوامییان هەیە و پرۆسەکە لە رێگەی دەزگا تایبەت و هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵاتەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەم لێدوانانەی پوتن لە کاتێکدایە کە دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەکی نوێ لەگەڵ هاوتا روسییەکەی دەربڕیووە، بەڵام کۆبوونەوەکەی بەستووەتەوە بە بوونی ئامادەیی راستەقینە بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە جەنگی ئۆکراین بهێنێت.



