ترەمپ دەڵێت، لە پرسی ئێراندا هیچ پەلەیەکیان نییە و دەبێت تاران ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرز بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فوکس نیوز" رایگەیاند، لە پرسی ئێراندا هیچ پەلەیەکی نییە و ئاماژەی بە بوونی "کەناڵی پەیوەندیی پشتی پەردە" کرد لەگەڵ لێپرسراوانی سوپای پاسدارانی ئێران.

ترەمپ وتی: "ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران لە ناو ئێراندا قسە دەکەین."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە،  "دەبێت ئێران ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرز بکاتەوە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە دروستکردنی فشاری ئابوری نوێ لەسەر رژێمی ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران لە قوماردا لێهاتوون، بەڵام دوا هەناسەکانیان دەدەن."

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سۆشیاڵ تروس" جەختی کردبوەوە کە "ئێران بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی،" و ڕایگەیاندبوو: "ئامانجی یەکەممان، کە هەمیشەش وەک خۆی دەمێنێتەوە، رێگریکردنە لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی."