رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند، وادیارە یەكێتیی ئەورووپا نایەوێت وڵاتەكەی وەك ئەندام وەربگرێت، بۆیە ئەندامێتی لەو یەكێتییە چیتر لە كارە لەپێشینەكانی ئەنقەرەدا نییە و لەم دۆخەشدا تەنیا ئەورووپا خۆی زەرەرمەند دەبێت.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلجەزیرە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەگەری هەیە میسر خۆی بداتە پاڵ "پەیماننامەی بەرگریی هاوبەشی مەككە" كە لە نێوان توركیا، سعودیە و پاكستاندا ئیمزا كراوە و هەر هێرشێكی دەرەكی بۆ سەر ولاتێك لەوان بە هێرش بۆ سەر تەواوی لایەنەكان ئەژمار دەكات.

سەرۆككۆماری توركیا جەختی لە گرنگیی كردنەوەی گەروی هورمز كردەوە و رایگەیاند دەیەوێت سەردانی سوریا بكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، هاوكات دووپاتی كردەوە كە كوردەكانی سوریاش پشكی خۆیان لە ئاشتی و ئارامی وەردەگرن.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ئەردۆغان بەرپرسیارێتیی بەردەوامیی شەڕی خستە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند پشتیوانییەكانیان بۆ غەززە، لوبنان، سودان و لیبیا بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن، ئاشكرای كرد كە لە دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی وەرگرتووە بۆ گەڕاندنەوەی توركیا بۆ بەرنامەی فڕۆكەی جەنگیی F-35 و چاوەڕێی جێبەجێكردنی دەكەن.