وەزارەتی پەروەردەی عیراق رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) کە بڕیارە لە 20ی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێبکات، نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار خوێندکار پەیوەندی بە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە دەکەن.

کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەم ئامارە لەدایکبووانی ساڵی 2020 و مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەگرێتەوە، کە ژمارەکە نزیکە لە ئاماری ساڵی خوێندنی رابردوو.

وتەبێژی وەزارەت جەختیشی کردەوە، ئەم ژمارەیە یەکێکە لە بەرزترین ئامارەکانی تۆمارکردنی منداڵان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە مێژووی کۆماری عیراقدا لە ماوەی ساڵانی دواییدا.