ئەو قەڵەمەی ئیمزای بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاجی پێكرا رادەستی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كرا.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد قەڵەمەكەی رادەستی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسورەكەی سلێمانی كرد و لە لێدوانێکیدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، قەڵەمەکە وەک هێمایەک لە داهاتوودا دەمێنێتەوە.

وتیشی، ئەو قەڵەمە دەمێنێتەوە کە چۆن کەسێک بەو شێوەیە گەیشت بە سزای خۆی، دەشڵێت؛ "من هیواداربووم لە ساڵانی پێشووتردا، لە سەرەتاوە ئەو تۆمەتبارانە سزا بدرانایە، راستە من خۆم وەک مرۆڤێک دژی لەسێدارەدانم، بەڵام هەندێک جار هەندێک کەس لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا کارێکی وەها دەکات کە دەبێت رووبەڕووی قورسترین و گەورەترین سزا ببێتەوە، کە ئەو سزایەش لە عیراقدا لەسێدارەدانە".

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد راشیگەیاند، "سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم، کە توانیان پێکەوە کارێکی وەها بکەن کە عەجاج بە سزای خۆی بگات، هەروەها سوپاسی دادگای بەغداد دەکەم و سوپاسی هەموو ئەو دادوەرانە دەکەم کە لەم دۆسییە دەستیان هەبووە و پاڵپشت و پشتیوان بوون".