لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سوریا، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستیپێکرد و لە یەکەم قۆناغدا نزیکەی 600 خێزان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەستیپێکرد و لە یەکەم قۆناغدا کاروانێکی پێکهاتوو لە نزیکەی 600 خێزان لە حەسەکەوە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە 13 هەزار خێزانی تری ئاوارە لە کەمپەکانی (واشوکانی، نەورۆز و سەرێکانی) چاوەڕێی دەستپێکردنی قۆناغەکانی گەڕانەوەن بۆ ناوچەکانیان.

وتیشی، تێپەڕبوونی ئەم کاروانە لە نێوەندێکی پر لە دڵەڕاوکێدا بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئامادەیی و بوونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە ناوچەکەدا؛ لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەرکی پاراستنی ئاوارەکانیان گرتووەتە ئەستۆ.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، وەکو هاوکاری و بەمەبەستی کار ئاسانی بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێبوونەوەیان، بڕی دوو هەزار دۆلار دەبەخشرێتە هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە.