دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کار دەرکرد
سەوسەن سەید
٩ی ئابی ٢٠٢٦
دادگای دەستپێشخەریی بەغدا / کەرخ، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق دەرکرد، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە تێپەڕاندنی گرێبەستە حکومییەکاندا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی بڵاوکراونەتەوە فەرمانەکە ئاڕاستەی ئەندامانی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس کراوە بۆ دەستگیرکردنی (ئەحمەد جاسم صابر ئەسەدی).
لە فەرمانی دادگاکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتی ئاڕاستەکراو بریتییە لە کەڵکوەرگرتنی راستەوخۆ لە رێککەوتن و پڕۆژە سەرەکییەکانی وەزارەتی کار لە رێگەی تێپەڕاندنی گرێبەستی پێچەوانەی یاسا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی کەسی بۆ خۆی و لایەنی تر.
دادگا رایگەیاندووە کە ئەم رێکارە یاساییانە بەپێی ئەحکامی ماددەی (319) لە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو گیراونەتە بەر.


