وەزیری نەوتی عیراق: لە بەرانبەر 50 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە ئامادەین سوتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێم دابین بکەین
بڵند
٨ی ئابی ٢٠٢٦
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوز، لەبارەی گرانیی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین لە هەرێم، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، ئامادەن لە بەرانبەر ئەو 50 هەزار بەرمیلەنەوتەی رۆژانە دەیدەنە هەرێم، سوتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکەن.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی بەغداد لە سەرەتاوە ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی وتەکانی ناوبراو، بڕیاری پێدانی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە هەرێم لەسەر داواکاریی خودی لێپرسراوانی هەرێم بووە.
باسم محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لێپرسراوانی هەرێم وتیان بەو بڕە نەوتە کە 50 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، دەتوانن سوتەمەنی پێویست بۆ پارێزگاکانی هەرێم دابین بکەن، کە نرخەکە هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراقی بێت.
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی، ئامادەن لە ئێستادا دەستکاری رێککەوتنەکە بکەن و پێداچونەوەی بۆبکەن تاوەکو لە بەرانبەر ئەو بڕە نەوتەدا، حکومەتی فیدراڵ راستەوخۆ سوتەمەنی پێویست بۆ هەرێم دابین بکات.



