توێژینەوەیەك: تێكڕای تەمەنی مرۆڤ لە جیهاندا بەرزبووەتەوە بەڵام ساڵانی تەندروستبوون كەمیكردووە
سەعید
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایدەكات، تێكڕای تەمەنی مرۆڤ 10 ساڵ زیادیكردووە، بەڵام زیادبوونەكە هاوتای باشتربوونی كوالێتی ژیان نەبووە و لە هەر حەوت كەسێك، كەسێكیان لە ساڵانی كۆتایی تەمەنیدا بە دەست كێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی گۆڤاری لەنسێت كە یەكێكە لە بڕواپێكراوترین گۆڤارە زانستییەكانی جیهان لە بواری پزیشكیدا، سەرەڕای ئەوەی تێكڕای تەمەنی مرۆڤ لە جیهاندا رووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام مرۆڤەكان لە ساڵانی كۆتایی تەمەنیاندا بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
توێژینەوەكە 204 وڵاتی وەرگرتووەتووە كە تیایدا بەرزبوونەوەی تێكڕای تەمەن هاوتای زیادبوونی ساڵانی تەندروستبوون نەبووە، بەجۆرێك لە ئێستادا لە هەر حەوت كەسێك لە جیهان كەسێكیان لە ساڵانی كۆتایی تەمەنیاندا بەدەست كێشەی تەندروستییەوە گرفتارە.
بەپێی توێژینەوەكە، وڵاتی سەنگاپورە لە پلەی یەكەمی جیهاندایە و تێكڕای تەمەنی هاووڵاتییانی 85 ساڵی تێپەڕاندووە، ئەوەش بۆ سیستمی پێشكەوتووی تەندروستی و بیمە دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرەڕای تەمەن درێژییان، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە نزیكەی 11 ساڵی تەمەنیان بە نەخۆشی بەسەر دەبەن.
بەپێی ئامارەكان، لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2023، تێكڕای تەمەنی مرۆڤ لە جیهاندا لە 64 ساڵەوە بۆ 74 ساڵ بەرزبووەتەوە، بەڵام كوالێتی ژیان و ساڵانی بێنەخۆشی وەك پێویست گەشەی نەسەندووە.

