دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا و ڤلۆدۆمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانین خوازیاری بەدەستهێنانی رێککەوتنن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام  ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێک پێویستی بە پێشکەشکردنی سازشی قورس هەیە لەلایەن هەردوو لاوە.

سەرۆکی ئەمریکا  لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، پێیوایە زیلینسکی و پوتن هەردووکیان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام هیچ کامێکیان ئامادە نین سازش بکەن، لەکاتێکدا پێویستە هەردوولا قوربانی بدەن بە بەشێک لە داواکارییەکانیان.

ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزیی هەوڵەکانی ئاشتی و دوری هەردوو وڵاتی روسیا  و ئۆکراین لە گەیشتن بەرێککەوتن.

سەرۆکی ئەمریکا، کە لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا بەڵێنی دابوو ببێتە "پێکهێنەری ئاشتی"، ئێستا لەگەڵ تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکراینو روسیا  لەبەردەم ئاستەنگی جدی سیاسی و بێهیواییدایە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی.