سەرچاوە سیاسییەكان: تەواوكردنی كابینەی حكومەتی عیراق دەكەوێتە مانگی ئەیلول
لاڤە
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرچاوە سیاسییەكانی عیراق ئاشكرایانكردووە، بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە سەرەتاییانەی لەنێوان حزبە سیاسییەكان ئەنجامدراوە، تەواوكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دەكەوێتە مانگی ئەیلولی داهاتوو.
سەرچاوە سیاسییەكانی عیراق بە ماڵپەری "عەرەبی جەدید"یان وتووە، لە دوای ئەو لێكتێگەیشتنە سەرەتاییانەی لەنێوان حزب و هێزە سیاسییەكاندا كراوە، تەواوكردنی كابینەكەی حكومەت دەكەوێتە مانگی نۆ، كە تائێستا نۆ وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە، لە دیارترینیان وەزارەتەكانی بەرگریی و ناوخۆ.
ئیبراهیم سكینی ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە "عەرەبی جەدید"ی وتووە، دواخستنی پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی حكومەتی عیراق، كاریگەری لەسەر كارەكانی دەوڵەت و بەرژەوەندی عیراقییەكان دەبێت و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هەڵوێستی یەكلاكەرەوە و یەكگرتوویان هەبێت و رێگە بە دەستوەردانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی لە كاروباری عیراقدا نەدەن.
عەقیل ردینی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسریش دەڵێت، هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سوورن لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەت، بەڵام هێزە عیراقییەكان نایانەوێت بكەونە ژێر ویست و ئارەزووی دەرەكی و حكومەتەكەی عەلی زەیدیش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكات.


