سێنتکۆم: رێڕەوی 17 کەشتیی بازرگانی بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە گۆڕدرا
سەوسەن سەید
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕی دەریاوانیدا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لە دەریای عەرەب رێڕەوی 17 کەشتیی بازرگانی گۆڕی و پشکنینی بۆ چەندین کەشتیی دیکە ئەنجام دا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، جگه لە گۆڕینی رێڕەوی ئەو 17 کەشتییە، هاوكات رێگرییان لە جووڵەی دوو کەشتیی تر کردووە و پشکنینیان بۆ دوو کەشتی بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە پێبەندییان بە رێکارەکانی گەمارۆکەی سەر ئێران ئەنجام داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کارانە لە کاتی دەوریەی کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (فرانك ئەی. بیتەرسن جۆنیۆر) لە دەریای عەرەبدا ئەنجام دراون، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا.


