ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، بڕیارەکە دوای پێشنیازی راستەوخۆی فەرماندەی سێنتکۆم هاتووە.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەدمیراڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، رێنمایی داوە بە راگرتنی بۆردومانەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری گەروی هورمز، بەو پێیەی هێرشەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆییان نەماوە..

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، پێشنیازەکەی فەرماندەی سێنتکۆم و راوێژکارانی دیکە، کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، ئەمەش نیشانەی دانپێنانی راوێژکارە سەربازی و مەدەنییەکانی ترەمپە بە بوونی سنورێک بۆ ئەنجامەکانی کردەی سەربازی، بەتایبەت ئەو هەڵمەتانەی کە پشتیان بە هێزی ئاسمانی بەستووە.

لەم بوارەدا، ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی و فەرماندە سەربازییەکان و خستنەڕووی پلانی ئۆپراسیۆنەکان، بۆ یەکەمجار لە دوای دوو هەفتە رێنمایی دایە سوپای ئەمریکا بۆ وەستاندنی بۆردومانەکان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران و ناوچەی گەروی هورمز.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، ترەمپ لە رۆژانی پێش کۆبوونەوەکەدا مەیلی بەرەو دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازیی فراوان بووە، بەڵام هەڵوێستی لە ئێوارەی پێنجشەممەوە گۆڕانی بەسەردا هات و رۆژی هەینی بڕیاری کۆتایی دا بە راگرتنی هەڵمەتی بۆردومانەکان لە گەروی هورمزدا.