عراقچی: هێرشکردنە سەر کەشتییەکەمان بێ وەڵام تێپەڕنابێت
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاگری جەنگەکە گەیشتە دەریای قەزوین و بەرەیەکی نوێی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان تاران و کیێڤدا دەکرێتەوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکەیان بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت، لە بەرانبەریشدا ئۆکراین بەئامانجگرتنی باری سەربازیی نێوان ئێران و روسیا وەک سەرکەوتنێکی گەورەی هێرشە دوورهاوێژەکانی وەسف دەکات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئۆکراین هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی و بەهۆیەوە دەریاوانێک کوژراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە "پێشێلکارییەکی زەق و روونی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە" و کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی "بە هاندانی ئیسرائیل و بە مەبەستی راکێشانی ئەوروپا بۆ ناو جەنگەکە" ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.
عراقچی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد، لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کالاس، لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، ڕایگەیاندووە کە "ئەم هەنگاوەی زیلینسکی بە هیچ شێوەیەک بێ وەڵام تێپەڕ نابێت".
پارێزگاری گێڵانی ئێران رایگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر کەشتییەکی ئێرانی بووە لە دەریای قەزوین کە رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی ئێران و روسیایە و لە ئەنجامدا دەریاوانێک کوژراوە و سێ ئەندامی تیمی کەشتییەکەش بریندار بوون. دەشڵێت؛ کەشتییەکە بارێکی ئاسنی هەڵگرتبوو و لە بەندەری ئەستراخانی روسیاوە بەرەو بەندەری ئەنزەلی لە ئێران بەڕێوەبووە.
لە بەرانبەردا، ئۆکراین ئاشکرایکردبوو، لە دەریای قەزوین ئەو کەشتییانەی بەئامانج گرتووە کە باری سەربازییان لە ئێرانەوە بۆ روسیا دەگواستەوە. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لە هەژماری خۆی لە "ئێکس" نووسیویەتی: "لە رێگەی هێرشە دوورهاوێژەکانمانەوە لە دەریای قەزوین، ئامانجی زۆر بەهێزمان پێکا، لەوانەش بەئامانجگرتنی کەشتیی جەنگیی روسی و کەشتییەکانی تایبەت بە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێران."


