وەزارەتی دارایی عیراق وردبینی لیستی موچەی مانگی تەمموزی تەواوكرد و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی موچە رەوانە بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی لێپرسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، لیستی موچەی مانگی حەوت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ وردبینی كراوە و پەسەندكراوە، تیمی تەكنیكیی وەزارەتەكە كە رۆژی چوارشەممە 22-07 لیستەكان و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەیان رادەستی بەغداد كردبوو، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر.

حكومەتی فیدراڵ لە 20-07ـەوە دەستی بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی خۆی كردووە، بەڵام هێشتا نیوەی وەزارەت و فەرمانگەكانی عیراق موچەیان وەرنەگرتووە، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە دابەشكردنی موچە لە عیراق كۆتایی بێت و پاشان بەغداد تەمویلی موچەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو، بەغداد بڕی 120 ملیار دینار پشکی موچەی هەرێم ببڕێت و بڕی 841 دیناری وەك تەمویلی موچەی مانگی تەمموز رەوانە بكات.