واشنتۆن "هەلێکی سنوردار" دەداتە گفتوگۆکان، تارانیش بە گومانەوە لە راگرتنی هێرشەکان دەڕوانێت

مایک والتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فۆکس نیوزی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە تاوەکو "هەلێکی سنوردار" ببەخشێتە سەرکەوتنی دانوستانەکان.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاند، تاران ئامادەیە هێرشەکانی رابگرێت ئەگەر ئەمریکاش بەردەوام بێت لە راگرتنی بەئامانجگرتنەکانی، بەڵام جەختی کردەوە، ئێران بە قووڵییەوە گومانی لە نیەتپاکیی واشنتۆن هەیە و پێی وایە ئەم راگرتنەی هێرشەکان "تەکتیکییە نەک راستەقینە".

لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاندووە، واشنتۆن و تاران وەڵامی خۆیان رادەستی پاکستان و قەتەر کردووەتەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تاران لێپسراوانی ئیسلام ئابادی ئاگادارکردووەتەوە، گفتوگۆکانیان هەڵپەساردووە بەڵام پاشەکشەیان نەکردووە، ئامادەشن لە ژنێڤ، دەوحە یان ئیسلام ئاباد درێژە بە دانوستانەکان بداتەوە لەو خاڵەی کە پێشتر وەستابوون.

تاران رایگەیاندووە، پەیامی روونی داوەتە ئەمریکا؛ بەردەوامبوونی ئارامی بەستراوەتەوە بە راگرتنی تەواوەتی هێرشەکانی واشنتۆن دوای 13 شەو لە بۆردومانی بەردەوام.