دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کرد و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە زۆربەی کێشەکانی لوبنان چارەسەر دەکەن، بە  حزبوڵاشەوە.

هاوکات هۆشداریی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و رایگەیاند، گەمارۆی توندی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و ئاماژەی بەوەش کرد کە چیای پیکاکس لە ئێران بۆردومان دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئێرانییەکان داوای دیدار و رێککەوتن دەکەن، جەختیشی کردەوە: ئەگەر تاران هەوڵی خستنەوەگەڕی هەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمی بدات، راستەوخۆ بۆردومانی دەکەن.

لەبارەی ئاسایشی دەریاوانی و کەنداوەوە، ترەمپ رایگەیاند: رەوشی گەروی هورمز هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نابێت، جەختیشی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە حوسییەکان نادەن دەریای سور دابخەن.

لای خۆیەوە، جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد: کاتی ئەوە هاتووە لوبنان ئۆقرەیی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببێنێت.

عەون سوپاسی ترەمپی کرد لەبەرانبەر بەدیهێنانی رێککەوتنی چوارچێوەی کار لەگەڵ ئیسرائیل و رایگەیاند کە دیدگای بەیروت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بە تەواوی هاوتەریبە لەگەڵ دیدگای سەرۆکی ئەمریکادا.