وەزارەتی تەندروستی عیراق نوێترین ئاماری رەسمی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون" راگەیاند و ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا 270 حاڵەتی تووشبوونی پشتڕاستکراوە و 17 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سەرانسەری وڵاتدا تۆمارکراون.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند،، تیمەکانیان رۆژانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ڤێتێرنەری و چاودێرییەکان رەوشی پەتاکە دەپشکنن. بەپێی ئاماری هەفتەی 28ـی ئەمساڵ، 26 تووشبووی نوێ بەبێ تۆمارکردنی چوارچێوەی گیانلەدەستدان دەستنیشانکراون، کە زۆربەیان لە پارێزگای بەسرە بە 10 حاڵەت و نەینەوا بە پێنج حاڵەت بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامارەکە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون: زیقار 109 تووشبوون و هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان، بەسرە 24 تووشبوون و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان، میسان 21 تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، موسەنا 19 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، نەینەوا 16 تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، دیالە 15 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، بەغداد/رەسافە 14 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، واست 13 تووشبوون و دوو گیانلەدەستدان، بابل 13 تووشبوون و دوو گیانلەدەستدان، سەڵاحەدین پێنج تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، بەغداد/کەرخ پێنج تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان، کەرکوک چوار تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، دیوانیە سێ تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، کەربەلا دوو حاڵەت بەبێ گیانلەدەستدان، هەولێر دوو تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان، سلێمانی دوو بەبێ گیانلەدەستدان، نەجەف دوو حاڵەت بەبێ گیانلەدەستدان و ئەنبار یەک تووشبوون بەبێ گیانلەدەستدان".

وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە کە نیشانەکان لە قۆناغی یەکەمدا بەمانە دەستپێدەکەن:

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی لەشدا، و ماندویەتی گشتی، لە قۆناغی دواتریشدا رەنگە گەشە بکات بۆ خوێنبەربوون لەژێر پێست یان لە کونەکانی لەشەوە.

رێنماییە خۆپارێزییە گرنگەکان بۆ هاووڵاتیان:

وەزارەت جەختیکردووەتەوە، دەستنیشانکردنی پێشوەختە چانسی چاکبوونەوە زۆر دەکات، و داوای لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی ئەم ڕێکارانە بن:

یەکەم، کڕینی گۆشت لە شوێنی تەنها لە گۆشتفرۆشە رێگەپێدراوەکان، پێویستە گۆشت تەنها لەو گۆشتفۆرشانە بکڕدرێت کە مۆڵەتی تەندروستی و ڤێتێرنەرییان هەیە.

دووەم، قەدەغەکردنی سەربڕینی هەرەمەکی و دوورکەوتنەوە لە گەڕەکەکان، رێگری تەواو بکرێت لە لەوەراندن و سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەی هەڕەمەکی لەناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا.

سێهەم، بەکارهێنانی کەرەستەی پارێزەر، لەبەرکردنی دەستکێش و جلی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ، گۆشت، یان پاشماوەکانیاندا (بەتایبەت بۆ قەساب و ئاژەڵداران).