ئەکسیۆس: ئەمریکا سیستمە بەرگرییەکانی ئێران و بەلەمەکانی سوپای پاسدارانیان لە گەروی هورمز پێکاوە
محەمەد رزگار
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
وێنە؛ ئەرشیف
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیان پێکردەوە؛ دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە بەندەر عەباس و دورگەی قەشم بیسترا.
میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان رایانگەیاند، چەندین تەقینەوەی بەهێز باشوری ئێرانیان هەژاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی نوێی ئاسمانیی بۆ سەر سیستمەکانی موشەکی و بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەستپێکردەوە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان سیستمی بەرگری و پێگەی موشەکیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی پشتڕاستی کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە رۆژهەڵاتی شاری "بەندەر عەباس" و ناوچە کەنارییەکانی دوورگەی "قەشم" بیستراوە. ئاژانسی رەسمی "ئێرنا"ش ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەمریکا" چەند موشەکێکی ئاراستەی دوورگەی قەشم کردووە.
لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوێکیئەمریکی ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە دوو شوێنی جیاوازی دەوروبەری گەروی هورمز، بەلەمە خێرا و بچووکەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج و پێکاویانە.
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەمێک پێش ئێستا دەنگی چەند تەقینەوەیەکی تر لە بەندەر عەباس بیستراوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا و ئێران هێرشی چڕی موشەکی و درۆنییان کردەسەر یەکتر، بە جۆرێک پێشتر ئێران چەندین بنکە و دامەزراوەی ئەمریکی لە چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو کردبووە ئامانج و تاران جارێکی دیکە داخرانی گەووی هورمزی راگەیاندبووەوە.


