دادگای عیراق دەستبەسەرداگرتنی 70 عەقار و 21 ئۆتۆمبێل و سێ کیلۆگرام زێڕ لە دۆسیەی عەدنان ئەلجومەیلیدا راگەیاند
سەوسەن سەید
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە کۆی گشتیی ئەو پارانەی لە دۆسیەی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن (عەدنان ئەلجومەیلی) دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ 10ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار بەرزبووەتەوە.
راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە ئەنجامی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەو پڕۆژانەی لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی دیکەی دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون، کۆی گشتیی بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان بەرزبووەتەوە بۆ (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و (31) ملیار دیناری عیراقی.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە: هەوڵە بەردەوامەکانی دادگا، دوێنێ یەکشەممە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 20 ملیار دیناری عیراقی کە لە ناو کێڵگەیەکدا حەشاردرابوو، وێڕای سەرنەکەوتنی هەوڵێک بۆ قاچاخکردنی پێنج ملیار دیناری عیراقی لە یەکێک لە پارێزگاکاندا.
لەکۆتاییدا هاتووە: رێکارە یاساییەکان دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی 70 خانووبەرە و 21 ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، لەگەڵ زێڕ و خشڵ بە کێشی نزیکەی سێ کیلۆگرام گرتووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان و راوەدووڕانی تێوەگلاوانی دیکەی دۆسیەکە تا تەواوبوونی سەرجەم رێکارە یاساییەکان بەردەوام دەبێت.



