وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی سەبارەت بە ئێران دەرکرد کە رێگە بە بەرهەمهێنان، گەیاندن، فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانی دەدات، مۆڵەتەکەش تا 21ـی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەتنەی لەنێوان واشنتن و تاراندا ئیمزا کرا، ئەمریکا رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەخشینی مۆڵەتی لێخۆشبوون بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پترۆڵیۆمییەکان و سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن پێیانەوە، لەوانەش مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی و گواستنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مامەڵانەی کە لەژێر مۆڵەتە گشتییە نوێیەکەی ئەمریکادا رێگەیان پێدراوە، هاوردەکردنی نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناو ئەمریکا دەگرێتەوە.

پێشتر ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی رایگەیاندبوو، ئێران و ئەمریکا لە میانی دانوستانەکانیاندا لە سویسرا، تاوتوێی هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کردووە کە بەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا سەپێنراون.